سەرۆکایەتیی ئەمریکا داوای دەستلەکارکێشانەوەی لە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە یۆنان کرد، ئەمەش بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە وەرگرتنی دیاریی گرانبەها و داواکردنی نزیکەی 100 هەزار دۆلار بۆ دانەوەی قەرزەکانی.


 
ئەمڕۆ کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی داوای لە کیمبەرلی گیلفۆیل، باڵیۆزی وڵاتەکەی لە یۆنان کردووە دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە، کەیتی زاخاریا، وتەبێژی نوێی کۆشکی سپی لە یەکەمین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی خۆیدا ئەم بڕیارەی پشتڕاست کردەوە، ئەمەش تەنیا ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ترەمپ ناڕەزایەتیی خۆی لەبارەی دۆسیەکە دەربڕی و ئاماژەی بە لێکۆڵینەوە لە داهاتووی ئەو دیپلۆماتکارە دابوو.


 
ئەم پەرەسەندنە، دوای زنجیرەیەک ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هات سەبارەت بە مامەڵە داراییە گوماناوییەکانی ئەم باڵیۆزە، بەپێی بەڵگەنامە بڵاوکراوەکان، گیلفۆیل پێش دەستبەکاربوونی لە تەممووزی 2025 داوای لە لایەنگرێکی دەوڵەمەندی سەرۆکی ئەمریکا کردووە بڕی 100 هەزار دۆلار لە قەرزی کارتە بانکییەکەی بۆ بداتەوە، بەڵام ئەو لایەنگرە ڕەتی کردووەتەوە پارەکە بدات.


 
لە بەرامبەردا، پارێزەری باڵیۆزەکە ڕاستیی ئەو نامانەی ڕەت کردووەتەوە و هەر جۆرە پێشێلکارییەکی یاسایی ڕەت دەکاتەوە، هاوکات ڕۆژنامەکە پەردەی لەسەر ئەوەش لاداوە کە باڵیۆزەکەی واشنتن لە گەشتی گرانبەها و هۆتێلی شاهانەی وڵاتانی سویسرا و فەرەنسا سوودمەند بووە لەسەر ئەرکی گەورە بازرگانانی یۆنانی لە کەرتەکانی بیناسازی و کەشتیوانی.


 
لە ئێستادا پشکنەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری وەرگرتنی دیاریی نایاسایی لەلایەن ئەم باڵیۆزە دەکات، لە کاتێکدا مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە سەردانەکەیدا بۆ ئەسینا ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو تۆمەتانە بدات کە ئاراستەی ئەم باڵیۆزە کراوە.


 
کیمبەرلی گیلفۆیل، پێشتر پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوز و دەستگیرانی کوڕە گەورەکەی ترەمپ بووە، هاوکات یەکێک بوو لە دەنگە دیارەکانی بزووتنەوەی سیاسیی سەرۆکی ئەمریکا پێش ئەوەی بۆ پۆستی باڵیۆز دەستنیشان بکرێت.