پسپۆڕێکی باڵای ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە ئەوروپا هۆشداریی دا لە پەرەسەندنی هێرشی هاککەرەکان بۆ سەر ئامێرە زیرەکەکان، دوای ئەوەی بەهۆی بەستنەوەی کەرەستە میکانیکییەکان بە ئینتەرنێتەوە سەدان ناوەندی بازرگانی پەکخران.

ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بڵاوی کردەوە، گرووپێکی نەناسراوی هاککەران سیستەمی سەلاجەی سەدان فرۆشگای گەورەیان لە فەرەنسا پەکخستووە، ئەمەش لە ڕێگەی قۆستنەوەی ئەو ئامێرە میکانیکییانەی لەم ساڵانەی دواییدا بەستراونەتەوە بە هێڵی ئینتەرنێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەکانەوە تا دەگاتە کامێراکانی چاودێری و زەنگی ئاگادارکردنەوە، کۆمەڵێکی زۆر لە ئامێرەکان دەتوانرێت لە دوورەوە کۆنترۆڵ بکرێن، ئەمەش ڕێگەی بۆ هاککەرەکان خۆش کردووە زیان بە ژێرخانی بازرگانی بگەیەنن و دەست بەسەر داتای بەکارهێنەراندا بگرن.

بەپێی داتاکانی کەرتی پاراستنی دیجیتاڵی، زیاتر لە سێ لەسەر چواری سەرجەم هێرشە ئەلیکترۆنییەکان ئاراستەی ئامێرەکانی دابەشکردنی هێڵ (ڕاوتەر) دەکرێن نەک کەلوپەلی ناوماڵ، چونکە هاککەرەکان لەو ڕێگەیەوە تەواوی زانیارییەکانی تۆڕەکە دەبینن.

ئامانجە باوەکانی هاککەرەکان، بریتین لە قوفڵی زیرەک، زەنگی دەرگا، هەستەوەری پلەی گەرمی و تەنانەت فڵچەی ددانی زیرەکیش، بۆیە دەکرێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی کامێرا، گوێگرتن لە دەنگ یان گۆڕینی ڕێکخستنەکان بقۆزرێنەوە و وەک پردێک بۆ چوونە ناو تۆڕە فراوانترەکان بەکاربهێنرێن.

ئەم مەترسییە ئۆتۆمبێلە زیرەکەکانیشی گرتووەتەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا توێژەران توانیویانە لە دوورەوە کۆنترۆڵی سیستەمی بزوێنەری ئۆتۆمبێل لە کاتی ڕۆیشتندا بکەن، یان لە ڕێگەی ژمارەی تابلۆکەیەوە دەرگاکانی بکەنەوە.

بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم مەترسییانە، شارەزایانی سایبەر ڕێنمایی دەدەن وشەی نهێنیی بنەڕەتی بگۆڕدرێت، تایبەتمەندیی پشتڕاستکردنەوەی دوو قۆناغی چالاک بکرێت، نوێکردنەوەی بەردەوامی سیستەمەکان ئەنجام بدرێت، لەگەڵ پەیڕەوکردنی ئەو یاسا بنەڕەتییەی پێی وایە کەمکردنەوەی ئامێرە بەستراوەکان بە ئینتەرنێتەوە، دەرگای هێرشەکان بەرتەسک دەکاتەوە.