بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا لەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاستی جیهاندا لە دۆخی هەژاریدا دەژین، گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیار کەس.
ئەمڕۆ بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوبەشی لەگەڵ دەستپێشخەریی ئۆکسفۆرد بۆ هەژاری و گەشەپێدانی مرۆیی سەر بە زانکۆی ئۆکسفۆرد بڵاویان کردەوە، بۆ یەکەمین جار لە دوای ساڵی 2010ـەوە ژمارەی ئەو کەسانەی گیرۆدەی هەژارین لە سەرانسەری جیهاندا زیادی کردووە و گەیشتووەتە 1.2 ملیار کەس کە زۆربەیان تەمنیان لە خوار 15 ساڵە.
ئەم ئامارە بەراورد بە ڕێژەی پێشوو، بەرزبوونەوەی بە بڕی 51.5 ملیۆن کەس تۆمار کردووە، لە نێو ئەم ژمارەیەشدا زیاتر لە 617 ملیۆن کەسیان منداڵن و نزیکەی 83 لەسەدی هەژارانیش لە ناوچە گوندنشینەکاندا نیشتەجێن.
ڕاپۆرتە هاوبەشەکە ڕوونی کردووەتەوە، دەربازبوون لەم هەژارییە مەحاڵ نییە و پێویستی بە هەوڵێکی گشتگیر هەیە، چونکە چەند وڵاتێک توانیویانە بە خێرایی ئاستی هەژاری لە ناوچەکانیاندا دابەزێنن، بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی خستە ڕوو کە لە پشت ئەم ژمارانەوە ملیاران مرۆڤ ڕووبەڕووی برسییەتی، بێبەشبوون لە خوێندن، نەبوونی ئاوی خاوێن و بێبەشی لە کارەبا دەبنەوە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەم بارودۆخە چارەنووسێکی حەتمی نییە و وڵاتان دەتوانن بە کاری پێکەوەیی و کارا ڕێگری لە قەیرانەکە بکەن.
ڕێژەی هەژاریی جیهانی تەنیا پشت بە پێوەری داهات نابەستێت، بەڵکو شێوازی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان دەپێوێت و ئەو کەسانە وەک هەژار پۆلێن دەکات کە بێبەشن لە سێیەکی 10 پێوەرە سەرەکییەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە و ئاستی گوزەران.
ئەم لێکۆڵینەوە نوێیە، 108 دەوڵەتی لە ناوچە گەشەسەندووەکاندا گرتووەتەوە و 78 لەسەدی دانیشتووانی زەوی پێکدەهێنێت، بەمەش وێنەیەکی ڕوون لەبارەی قووڵایی و بڵاوبوونەوەی هەژاری لە سەردەمی ئێستادا پێشکەش دەکات.
لێکۆڵینەوە لە ئاستی هەژاریی جیهانی، لە ساڵی 2010ـەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و زانکۆی ئۆکسفۆردەوە دامەزرا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی وردی کەموکوڕییە بنەڕەتییەکانی ژیانی مرۆڤ لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا.