شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەتریشقە ڕووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و پلەکانی گەرماش دوو بۆ سێ پلە دابەزیون، هاوکات کەشناسان پێشبینیی شەپۆلێکی بەهێزتر لە کۆتایی مانگدا دەکەن.
ئهمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاسمانی ناوچەکە هەوری تەواو دەبێت و شەپۆلێکی بارانبارین کە هەورەبرووسکەی لەگەڵدایە، لە کاتەکانی بەیانی لە ناوچە شاخاوییەکان، دهۆک و زاخۆ دەست پێدەکات و لە نیوەڕۆدا بە لاوازی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، سۆران، ڕاپەڕین و گەرمیان، پێش ئەوەی لە کاتەکانی ئێوارەدا کەشوهەوا ئاسایی ببێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هەڤاڵ سهدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووه، ئەم کەشە ناسەقامگیرە بە شێوەی پچڕپچڕ لە سەرتاسەری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند پارێزگایەکی عێراق بەردەوام دەبێت و بارانی لاواز بۆ مامناوەندی لێ دەکەوێتەوە.
هاوکات ئاراس جەبار، پێشبینیکاری کەشناسی مژدەی دا کە لە نێوان 22 بۆ 27ـی ئەم مانگەدا، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی مامناوەند بۆ بەهێزی بارانبارین لە دەریای ناوەڕاستەوە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بگرێتەوە، کە دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرمای لەگەڵدا دەبێت.
ئەم بارانبارینە لە کاتێکدایە کە دەستپێکی وەرزی پاییز لە هەرێمی کوردستان ساڵانە بە شەپۆلی کورتخایەن دەست پێدەکات و جووتیاران چاوەڕوانی بارانی پەڵە دەکەن بۆ دەستپێکردنی وەرزی کێڵان و چاندن.