وەزیری گەیاندن داوا لە بەکارهێنەرانی عێراقی دەکات، لەبری پشتبەستن بە ئەپڵیکەیشنی وەیز، ئەپڵیکەیشنی خۆماڵی بەکار بهێنن و گەنجانیش بۆ داهێنان دەهێنرێنە مەیدانەوە.

مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق لە کۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئینتەرنێت لەبارەی دەنگۆی قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی وەیز( Waze) ڕایگەیاند، ئەو ئەپڵیکەیشنەی قەدەغە نەکردووە، بەڵکو هاندانی گەنجانی عێراقی مەبەست بووە بۆ داهێنان تا بتوانن ئەپڵیکەیشنی خۆماڵی دروست بوبکەن کە ببنە ڕکابەری وەیز و بێ سوودی بکەن.

سەبارەت بە ئاسایشی ئینتەرنێتی وڵات، وەزیری گەیاندن دڵنیایی دا کە گەورەترین سەرچاوەی ئینتەرنێتی عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە دابین دەبێت و لە ئەگەری تێکچوونی کێبڵە تیشکییەکانی گەرووی هورمز، ئینتەرنێتی عێراق تووشی هیچ پچڕان و کاریگەرییەک نابێتەوە.

لای خۆشییەوە بەلیغ ئەبو گەلەل، سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، ئەپڵیکەیشنی وەیز تا بڕیاری کۆتایی دەستەکە لە کارکردن بەردەوام دەبێت، بلۆککردنی وەیز یان هەر ماڵپەڕێکی تر دەکرێت کێشە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ عێراق دروست بکات.

پێشتریش وەزیری گەیاندن ئاشکرای کردبوو، کە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە ئەپڵیکەیشنی وەیز (Waze) لە سەرانسەری عێراقدا قەدەغە دەکرێت.