سەرۆکی ئەمریکا دەستپێشخەرییەکی گەورەی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر کەرتی وزە لە جەنگی نێوان هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکراینا ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) ڕێککەوتنێکی دەستبەجێی بۆ ڕاگرتنی شەڕی وزە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا ڕاگەیاندووە و داوای لە هەردوو لا کردووە پێشێلی نەکەن.

 

کەمێک دوای ئەم پەیامەی ترەمپ، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ڕوونی کردەوە، مۆسکۆ چەندین وێستگەی کارەبای لە کیێڤ و خارکیڤ بۆردومان کردووە و تەزووی کارەبای لە پایتەختی وڵاتەکە پچڕاندووە، هاوکات دووپاتی کردەوە وڵاتەکەی ئامادەیە پابەندی ئاگربەستی وزە بێت، بەو مەرجەی ڕووسیاش پێیەوە پەیوەست بێت.

 

ئەم گرژییانەش دوای ئەوە هاتن، کە ترەمپ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بۆ هەناردەکردنی بڕێکی زۆری دیزڵی ڕووسی لە بەرامبەر سووککردنی هەندێک لە سزاکان لەسەر ڕووسیا ئاشکرا کرد، ئەم هەنگاوەی ترەمپیش ناڕەزایەتیی کیێڤ، هاوپەیمانە ئەورووپییەکان و 7 ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکای لێکەوتەوە.

 

سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی ڕەخنەکاندا، هێرشەکانی ئۆکراینای بۆ سەر پاڵاوگەکانی ڕووسیا بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دانا و پێشنیازی کرد گەلی ئۆکراینا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرن، بەڵام زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا جەختی کردەوە، دیاریکردنی بەرپرسان تەنیا مافی هاووڵاتییانی وڵاتەکەیەتی.

 

هاوکات سەرۆکوەزیرانی کەنەداش، شانبەشانی سەرکردەکانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ کیێڤ و حکوومەتەکەی دووپات کردەوە، بەڵام پێشوازییان لە دەستپێشخەریی پاراستنی ژێرخانی وزە و دابینکردنی خۆراکی جیهانیش کرد.

 

سوپای ڕووسیا، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی لە مانگی شوباتی 2022ـەوە، بەردەوام ژێرخانی وزەی ئۆکراینای کردووەتە ئامانج، لە بەرامبەردا هێزەکانی ئۆکرایناش پاڵاوگە نەوتییەکانی ناو خاکی ڕووسیایان وەک سەرچاوەی دابینکردنی دارایی جەنگ پێکاوە.