نزیکەی لەسەدا 40ی کارەکانی پڕۆژەی ستراتیجی دروستکردنی دووسایدی (بێستانە - خەلەکان - دووکان) تەواو کرا، کە ڕێگایەکی مەترسیداری یەکساید بۆ ڕێگایەکی مۆدێرن و دووساید دەگۆڕێت.

 

ئه‌مڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کارکردن بە شێوەیەکی چڕ و بە پشتبەستن بە سەدان ئامێر و دەستی کاری ناوخۆیی لە پڕۆژەکەدا بەردەوامە و 11 کیلۆمەتری نێوان بێستانە و خەلەکان قیرتاو کراوە و بەڕووی شۆفێراندا کراوەتەوە.

 

به‌پێی بڵاوكراوه‌كه‌، لە سنووری خەلەکان، لە 15 کیلۆمەتری دیکەی پڕۆژەکەدا کاری چڕ بەردەوامی هەیە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ بە تەواوی تەواو بکرێت. هاوکات لە 12 کیلۆمەتری نێوان خەلەکان و دووکانیش، کارەکانی بڕین و پڕکردنەوە بەردەوامن بۆ ئەوەی ڕێگاکە بە تەواوی ئامادە بکرێت.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژە ستراتیجییە، ڕێگای نێوان پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە تەواوەتی دەبێتە دووساید و ئاستەنگی هاتوچۆ و مەترسیی ڕووداوەکان کەم دەکاتەوە.

 

بەپێی نەخشەی ئەندازیاریی پڕۆژەکە، 840 هەزار مەتر دووجا قیرتاوکردن، دوو ملیۆن و 500 هەزار مەتر دووجا کاری بڕین، و 300 هەزار مەتر دووجا پڕکردنەوە بە بەردی شکاو ئەنجام دەدرێت. هەروەها پڕۆژەکە بەکارهێنانی 800 هەزار مەتر دووجا تێکەڵەڕێژ و دروستکردنی دوو هەزار مەتر ئاوبەر لەخۆ دەگرێت.

 

یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی پڕۆژەکە دروستکردنی پردی گوندی فڕیزەڵەیە بە درێژیی 380 مەتر و پانیی 15 مەتر، کە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ شۆفێران و دانیشتووانی ناوچەکە دەستەبەر دەکات.