واشنتن لە سیاسەتی 'ئەوپەڕی گوشار'ـەوە قۆناغی نوێی هەڵمەتی 'دابڕانی تەواوەتی'ـی دژی ئێران دەست پێده‌كات، بە مەبەستی پچڕاندنی سەرجەم پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ جیهانی دەرەوە و خنکاندنی سەرچاوە دارایییەکانی.

 

ئەمڕۆ سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هه‌واڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئاشکرای کرد، تاران چیتر هیچ بڕە نەوتێکی لەسەر کەشتییەکان نەماوە و تەوژمی نەختینەیی وڵاتەکەش بووەتە نەرێنی.

 

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە واشنتن لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی دراوە دیجیتاڵییەکان (کریپتۆ) و توندکردنەوەی گەمارۆی دەریایی لەسەر کەشتییە نەوتییەکان، بەردەوام دەبێت لە پەکخستنی ئابووریی ئێران.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بێسێنت ئاماژەی بەوە کردووه‌، ئێران شەوانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڵدەدات، بەڵام بەهۆی لەدەستدانی توانای چاودێری و هەواڵگری، بەشێک لە درۆنەکانی بەر کەشتییە بازرگانییەکان دەکەون.

 

ئەم پەرەسەندنە نوێیەی واشنتن لە چوارچێوەی هەڵکشانی ململانێ سەربازی و ئابوورییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرووی هورمزدا، کە ئامانج لێی بڕینی یەکجاریی سەرچاوەی داهاتە نەوتییەکانی تارانە.