لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

 

ئەمڕۆ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمێک لە کەناراوەکانی وڵاتی جیبۆتی لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، بەلایەنی کەمەوە 109 کۆچبەر خنکاون و نزیکەی 116 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی ڕێکخراوەکە، ئەم بەلەمەی نوقم بووە بە 305 سەرنشینەوە لە وڵاتی جیبۆتییەوە بەرەو یەمەن بەڕێ کەوتبوو و لە باکووری شارۆچکەی ئۆبۆک ژێرئاو کەوتووە، لەنێو تەرمە دۆزراوەکانیشدا 52 پیاو، 42 ژن و 15 منداڵ هەن.

 

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە ڕوونی کردەوە، تیمەکانیان شانبەشانی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی جیبۆتی سەرقاڵی پێشکەشکردنی هاوکاریی بەپەلەن و زیاتر لە 80 سەرنشین لە خنکان ڕزگار کراون و هەموویان هاووڵاتیی ئەسیۆپین.

 

هاوکات 64 کەس لە ڕزگاربووان لە ناوەندێکی پەناگەی کۆچبەران لە ئۆبۆک نیشتەجێ کراون، بەڵام مەترسیی زۆر هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بێسەروشوێنبوونی دەیان کەسەوە بەرزتر ببێتەوە، بەرپرسانی ڕێکخراوەکە جەختیان لەوە کردەوە، هەژاری و لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سەرەکیترین هۆکارن بۆ گرتنەبەری ئەم ڕێگە پڕمەترسییە لەلایەن کۆچبەرانەوە سەرەڕای ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 178 هەزار کۆچبەر لە ئەسیۆپیاوە گەیشتوونەتە جیبۆتی بە ئامانجی پەڕینەوە لە گەرووی بابولمەندەب بەرەو یەمەن و دواتریش گەیشتن بە وڵاتانی کەنداو، زۆربەی کۆچبەران هاووڵاتیی ئەسیۆپیا و سۆماڵن و بەشێکی زۆریان بەهۆی نەبوونی دەرفەتی پەڕینەوە لە کەناراوەکان گیریان خواردووە، ئەم دۆخەش وای کردووە ڕێکخراوی کۆچ داوای هاوکاریی دارایی بەپەلە لە بەخشەرانی نێودەوڵەتی بکات بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری.