توێژینەوە پزیشکییەکان لە ناوەندە زانستییەکاندا ئاشکرای دەکەن کە خواردنەوەی ئاو بە شێوازێکی ڕێکخراو، ڕۆڵێکی دیار لە دابەزاندنی کێشی لەش و کۆنترۆڵکردنی ئارەزووی خواردندا دەگێڕێت.

 

ئەمڕۆ گۆڤاری تەندروستی 'هێڵس' بڵاوی کردەوە، هەرچەندە ئاو ڕاستەوخۆ چەوری ناسووتێنێت، بەڵام هاوکارییەکی گەورەی پرۆسەی دابەزاندنی کێش دەکات لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ئارەزووی خواردن و بەخشینی هەستی تێربوون بە جەستە.

 

بەپێی زانیارییەکانی گۆڤارەکە، خواردنەوەی پەرداخێک ئاو پێش ژەمەکان یارمەتیی کەمکردنەوەی بڕی خۆراکی وەرگیراو دەدات؛ هاوکات گۆڕینی خواردنەوە گازی و شەکردارەکان بە ئاوی بێکالۆری، ئاستی وەرگرتنی وزەی ڕۆژانە بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت.

 

پسپۆڕان ڕوونی دەکەنەوە کە ئاو دەبێتە هۆی زیادبوونی کاتیی خێراییی سووتانی وزە لە جەستەدا، بەڵام بە تەنیا بەس نییە بۆ دابەزاندنی کێش بە شێوەیەکی تەندروست. دابەزاندنی بەردەوامی کێش پێویستی بە هاوسەنگی هەیە لەنێوان کالۆریی وەرگیراو و کالۆریی سووتاودا؛ ئەمەش لە ڕێگەی سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگ، وەرزشی بەردەوام، خەوی پێویست و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێوە بەدەست دێت.

 

هەروەها پزیشکەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە خواردنی میوە و سەوزەواتە فرەئاوەکان، ڕیشاڵ و ڤیتامینی پێویست بۆ جەستە دابین دەکەن. هاوکات پێویستیی جەستە بۆ شلە بەپێی کەشوهەوا، باری تەندروستی و جووڵەی ڕۆژانە دەگۆڕێت؛ بۆیە پێویستە لە ماوەیەکی کەمدا بڕێکی زۆری ئاو بەسەر یەکەوە نەخورێتەوە.

 

ڕاپۆرتەکە چوار ڕێنماییی بۆ زیادکردنی خواردنەوەی ئاوی ڕۆژانە پێشنیاز کردووە، لەوانە:

تێکەڵکردنی تامە سروشتییەکان، وەک لیمۆ، نەعنا و خەیار لەگەڵ ئاودا.

بەکارهێنانی دەبە یان بوتڵی تایبەت بۆ ئەوەی بەردەوام لە بەردەستدا بێت.

تۆمارکردنی بڕی ئاوی خوراو لە ڕێگەی کاربەرنامەکانی مۆبایلەوە.

دانانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کاتی کارکردندا.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا، توێژینەوە زانستییەکان بەردەوام جەختیان لە گرنگیی خواردنەوەی ئاو کردووەتەوە وەک سەرەکیترین بنەمای شێوازی ژیانی تەندروست و خۆپاراستن لە قەڵەوی.

 

پسپۆڕانی بواری خۆراک دووپاتی دەکەنەوە کە جێگرتنەوەی شلە شیرینەکان بە ئاو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی کالۆری و چالاککردنی پرۆسەی سووتانی وزە؛ هەروەها ئەم ڕێکارە وەک یەکێک لە کاریگەرترین میکانیزمە سروشتییەکان بۆ پاراستنی تەندروستی و گەیشتن بە کێشی گونجاو سەیر دەکرێت.