وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی فەرمی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و وادەی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی تەواوی پرۆسەکەی دیاری کرد.
ئهمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگهیاند، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 11ی تشرینی یەکەمی 2026 دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکرێت و ڕۆژی چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەم کۆتایی پێ دێت.
بهپێی بڵاوكراوهكهی وهزارهت، لە ڕۆژی یەکەمی دابەشکردنی مووچەدا کە دەکاتە یەکشەممە 11ی مانگ، شایستە دارایییەکانی سەرجەم خانەنشینانی شارستانی و پێشمەرگە دابەش دەکرێت. ڕۆژی دووشەممە 12ی تشرینی یەکەم، مووچەی زیندانییانی سیاسی، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە دەدرێت.
له بڵاوكراوهكه هاتووه، ڕۆژی سێشەممە 13ی مانگ، زۆرترین وەزارەت و دامەزراوە مووچە وەردەگرن کە تەندروستی، ناوخۆ، داد، دارایی، پلاندانان، سامانە سروشتییەکان، شارەوانی، کشتوکاڵ، کارەبا و سەرجەم دەستەکان و سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەخۆ دەگرێت. پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژی چوارشەممە 14ی مانگ بە پێدانی شایستەی داراییی پێشمەرگە، ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایش، پۆلیسی نەوت و گاز، زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن کۆتایی پێ دێت.
ئهمه لهكاتێكدایه، ئەمڕۆ بڕی 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی نۆ خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینە لە داهاتی نانەوتیی هەرێم لە کۆی تەمویلەکە بڕیوە.
هاوکات بەغدا بڕی 4 ملیار و 961 ملیۆن دیناری تری لە تەمویلی ئەم مانگە نەناردووە، کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی پێشووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم خشتە چڕەوە تەواوی شایستە دارایییەکانی فەرمانبەران لە ماوەی تەنیا چوار ڕۆژدا لە ڕێگەی بانکەکان و پڕۆژەی هەژماری من دەگەیەنێتە دەست مووچەخۆران.
