سەرۆکوەزیرانی عێراق پاکێجێکی نوێی بڕیارە داراییەکانی بە بڕی 3 تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ بوژاندنەوەی ئابووری، دابینکردنی قەرزی نیشتەجێبوون و شایستەی دارایی جووتیاران و بەڵێندەران پەسەند کرد.
ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئابووریی لەگەڵ وەزیری دارایی، پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەری بانکەکان کردووە و فەرمانی بە پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان داوە.
بەپێی بڕیارەکان، 1 تریلیۆن دینار بۆ قەرزی خانووبەرە لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکانی بانکی ناوەندی و 1 تریلیۆن دیناری دیکەش بۆ بەهێزکردنی نەختینەی بانکەکانی بازرگانی و پیشەسازی بۆ پاڵپشتیی کەرتی بەرهەمهێنان تەرخان کراوە.
هاوکات بڕی 500 ملیار دینار بۆ شایستەی گەنمی جووتیاران تەرخان کرا کە شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، لەگەڵ تەرخانکردنی 500 ملیار دینار بۆ قەرزی بەڵێندەران و 500 ملیار دیناری دیکەش بۆ زیادکردنی سەر ڕەسیدی سندووقی نەوەکانی داهاتوو.
ئامانجی ئەم بڕیارانەی حکومەتی عێراق زیادکردنی نەختینەیە لە بازاڕەکاندا، هەروەها خێراکردنی تەواوکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەیە کە بەهۆی نەبوونی شایستەی دارایییەوە ڕاگیرابوون.