وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لەگەڵ گەیشتنی مووچەی مانگی 9 بڕیاری دا، هەر ئەمڕۆ خشتەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوبکاتەوە.

کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕی 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی 9 فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی 9 لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 4.961 ملیار دینار و یەک ملیۆن دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی 9 نەناردووە، کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

لە کۆتاییدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەر ئەمڕۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکرێتەوە.