پڕۆسەی دابەشکردنی بەشە ئارد و سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامیی هەیە و هیچ دواکەوتن و گۆڕانکارییەک لە بڕ و جۆری بەشەخۆراکەکاندا نەکراوە.
ئەمڕۆ نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، دابەشکردنی بەشەئارد دوا نەکەوتووە و لە ئێستادا بەشی شەشەمی ئارد دابەش دەکرێت، هەروەها 50%ی پڕۆسەکە دابەش کراوە و 50%ی ماوەتەوە، ڕۆژانەش لە سایلۆکانەوە گەنم وەردەگیرێت و ڕەوانەی ئاشەکان دەکرێت بۆ دابەشکردن، هاوکات ئەوەی ماوەتەوە لە ماوەی 10 بۆ 15 ڕۆژدا دابەش دەکرێت.
دەربارەی سەبەتەی خۆراک، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی جەختی کردەوە، سەبەتەی پێنجەم دابەش دەکرێت و تەنیا برنج و دۆشاو ماوە، ئەوانیش ڕۆژانە دەگەن و دابەش دەکرێن.
نەوزاد شێخ کامیل ڕوونی کردەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە دابەشکردنی بەشە ئارد و سەبەتەی خۆراکدا ناکرێت و وەک ساڵانی پێشووتر بە هەمان بڕ و جۆر دەبێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 10ی ئەیلولی 2026، وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستی بە پڕۆسەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی شەشەمی ئارد کردووە.
بەشەئارد یەکێکە لە گرنگترین پێداویستییەکانی ناو سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە دابەش دەکرێت.