دادگای سەربازی لە شاری سلێمانی، لەڕێگەی نوسراوێکی فەرمییەوە گەندەڵیەکی گەورە لەناو یەکەی پاسەوانییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات، کە تێیدا پەنجەی تۆمەت بۆ لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ درێژ دەکرێت و داوای گەڕاندنەوەی زیاتر لە ملیارێک و نیو دینار لەو بەرپرسە دەکرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراوەتەوە، دۆسیەکە دەستگیرکردنی "عەمید نزار محەممەد"، بەرپرسی یەکەی پاسەوانی تەقیوەتەوە کە بە تۆمەتی گەندەڵی و دزینی لە سامی گشتی لەو یەکەیەدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەوەد ناوه، تاوانەکە بە تاک ئەنجام نەدراوە، بەڵکو بە هاوبەشیی تەواو و بە ئاگاداری ڕاستەوخۆی "لیوا چەتۆ ساڵح"، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.
لە بەرامبەر ئەم دانپێدانانەدا، دادگای سەربازی جووڵەی بە مەلەفەکە کردووە و بە نوسراوی فەرمی ژمارە (2283) لە ڕێکەوتی 16ی ئەیلوولی 2026، داوا لە وەزیری ناوخۆ کردووە کە بریکاری وەزارەتەکە ئاگادار بکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی پشکە داراییەکەی کە بە بڕی (یەک ملیار و 488 ملیۆن و 400 هەزار دینار) مەزنەدە کراوە.
نوسراوەکەی دادگای سەربازی، کە بە واژۆی عەمیدی مافپەروەر (چرا ئەحمەد لەتیف) دەرچووە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆی گشتی ئەو پارەیەی لەم دۆسیەیەدا بەهەدەر دراوە دەگاتە نزیکەی سێ ملیار دینار، کە نیوەی ئەو بڕە وەک پشکی شایستەی لیوا چەتۆ دیاری کراوە. هاوکات، لە نوسراوەکەدا داوا کرابوو کە ناوبراو لە ڕۆژی چوارشەممە (30ی ئەیلوول) لەبەردەم دادوەردا ئامادە بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو ڕێککەوتە پشوو بووە، پرۆسەی ئامادەبوونی دواکەوتووە و کاتی دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
لە بەرامبەر ئەم تۆمەت و نوسراوە فەرمییانەدا، نوسینگەی تایبەتی لیوا چەتۆ ساڵح سەرجەم زانیارییەکانی رەت دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات: "تاوەکو ئێستا، هیچ نوسراو یان ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن دادگاوە نەگەیشتووەتە دەست بریکاری وەزیر".
لەسەر ئەم تۆمەت و بڕیارەی دادگا لە دژی لیوا چەتۆ ساڵح، تاوەکو ئێستا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییەکانی بڵاونەکردووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا، بەیاننامەیەک بڵاو بکەنەوە.