کەشناسی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە هەڵکردنی ڕەشەبایەکی بەهێز بە خێرایی سەرووی 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی بارانبارین لە ڕۆژی سێشەممەوە دەدات.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم و ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بڵاویانکردەوە، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆی سێشەممە 6-10-2026، نزمەپەستانی دەریای سوور و ناوەڕاست ڕوو لە ناوچەکە دەکەن.
بەپێی هۆشدارییەکەی کەشناسی، لە ناوەڕاست و باشووری هەرێم ئەگەری دروستبوونی ڕەشەبایەکی توند بە خێرایی زیاتر لە 50 کم/ک و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ هەیە.
هاوکات بهپێی پێشبینییهكان، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە سەرەتا لە پارێزگای دهۆک و نەینەواوە دەست پێدەکات و دواتر بە شێوەی پچڕپچڕ هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و سۆران دەگرێتەوە، بەهۆیەوە پلەکانی گەرما 2 بۆ 4 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
بهپێی زانیارییهكان، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ناوچەکانی دهۆک و هەولێر بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی دێت، بەڵام لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە تا بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 8-10-2026 بەردەوام دەبێت.