سەرکردایەتیی سەربازیی وڵاتی یەمەن دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە سەرجەم میحوەرەکانی شەڕ بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی خاکی وڵاتەکەی لە دەستی حوسییەکان ڕاگەیاند.

 
ئەمڕۆ عەقید روکن ماجید عەبدولە نزێلی، گوتەبێژی سوپای یەمەن ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکان 1,122 ئۆپەراسیۆنی سەربازیی وردیان دژی بارەگا و سەنگەرەکانی چەکدارانی حوسی لە میحوەرەکانی سەعدە، جەوف، تەعیز و کەناراوەکان ئەنجام داوە.

 
ماجید نزێلی ڕوونی کردەوە، هێرشەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە بوون، لە ئەنجامدا 1,747 چەکداری حووسی لەناوبران و 364 ئامێر و کەلوپەلی گواستنەوەی سەربازیی ئەم چەکدارانەش تێکشکێندران.

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی سوپای یەمەن دوای ئەوە هات، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەن بڕیاری کۆتاییهێنان بە قۆناغی ئامادەکاری و دەستپێکردنی پڕۆسەی سەربازیی سەرتاسەری دەرکرد، بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی ئەو وڵاتەدا.

 
لەسەر ئاستی مەیدانیش، پێشهاتە سەربازییەکان ئاڵۆزیی نوێیان بەخۆوە بینیوە، دوای ئەوەی چەکدارانی حوسی توانیویانە دەست بەسەر ڕێگەی سەرەکی و ستراتیژیی نێوان تەعیز و عەدەن لە ناوچەی توربەدا بگرن، شارەزایانی سەربازی پێیان وایە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم هێڵە گرنگەی گواستنەوە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی گەیشتنی هاوکاریی سەربازی بۆ هێزەکانی سەر بە حکومەت لە شاری تەعیز، ئەمەش مەترسی بۆ سەر پێگەکانی دەسەڵاتی شەرعی دروست دەکات.

 
لە بەرامبەردا، نێوەندە نێودەوڵەتییەکانی چاودێریی جەنگ ڕایانگەیاندووە کە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەمەنەوە، هێشتا هیچ جووڵەیەکی کرداریی زەمینیی بەرفراوان لەسەر خاکی ئەو وڵاتە نەبینراوە.

 
وڵاتی یەمەن، لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی شەڕی ناوخۆ و دەستبەسەرداگرتنی سەنعای پایتەخت لەلایەن چەکدارانی حوسییەوە، ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی مرۆیی و سەربازی بووەتەوە، ئەم پێکدادانانە بووەتە هۆی دابەشبوونی وڵات و دەستێوەردانی سەربازیی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردنی دامەزراوە شەرعییەکان لە بەرامبەر نەیارەکانیاندا.