شارەزایانی کەشناسی پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی باران، تەرزەی قەبارە گەورە و دروستبوونی لافاو لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەکەن، هاوکات کەشناسی هەرێمیش وادەی بارانبارینی ئەم هەفتەیەی ڕاگەیاند.

 

ئه‌مڕۆ شاڵاو هیدایەت و ئاراس جەبار، شارەزایانی کەشناسی ئاشکرایان کرد، لە 10 ڕۆژی کۆتایی ئەم مانگەدا سووڕی تۆپەڵە هەوای گەرمۆکەیی شێداری مەداری و تەوژمی ساردی جەمسەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان چالاک دەبن.

 

بە وتەی ئەو کەشناسانە، بەهۆی تێکەڵبوونی شێی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست لەگەڵ هەوای ساردی جەمسەری، هەروەها چالاکبوونی دیاردەی سۆپەر ئێل نینۆ، شەپۆلی بارانی بەخوڕ، لافاو، هەوری سۆپەر سێڵ و تەرزە دروست دەبێت کە تا سەرەتای زستان بەردەوام دەبێت.

 

لە لایەکی ترەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە 6-10-2026 لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ، نزمەپەستانی دەریای سوور دەگاتە ناوچەکە و لە دهۆک و زاخۆوە بارانبارین و هەورەتریشقە دەست پێدەکات و دواتر هەولێر، سۆران و تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە.

 

کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەگەڵ دەستپێکی ئەم شەپۆلەدا، پلەکانی گەرما چەند پلەیەک دادەبەزن و خێراییی با لە هەولێر، کەرکووک و گەرمیان بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات، پاشان لە بەرەبەیانی چوارشەممەدا کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت.