ئاژانسی پۆلێنکردنی دارایی 'فیتچ' پێشبینی دەکات میسر پێش کۆتاییهاتنی ساڵی 2026 نرخی زۆربەی جۆرەکانی سووتەمەنی لە بازاڕە ناوخۆیییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی فیتچ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەردەوامی فشارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لەسەر ئاستی جیهان، چاوەڕوان دەکرێت قاهیرە لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا نرخی سووتەمەنی زیاد بکات پاش ئەوەی لە مانگی ئاداری ڕابردووشدا گرانکردنی هاوشێوەی ئەنجام دابوو.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ململانێ و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران فشارێکی زۆری خستووەتە سەر هەڵئاوسان لە میسر، بەتایبەت کە ئەو وڵاتە هاوردەکارێکی سەرەکی نەوت و گازە و گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانی ڕاستەوخۆ کار لە تێچووی هاوردەکردن دەکەن.

 

فیتچ پێشبینی دەکات، تێکڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت لە ساڵی 2026/2027 بگاتە نزیکەی 79 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا لە ساڵی 2025/2026دا بە 78 دۆلار بووە. هه‌روه‌ها ئاژانسەکە پێشبینی ناکات میسر پاش کۆتاییهاتنی بەرنامەی ئێستای لە تشرینی دووەمی 2026، بچێتە نێو بەرنامەیەکی نوێی وەرگرتنی قەرز لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF).

 

سەرەڕای ئەوەش، فیتچ پێشبینی بەردەوامی سیاسەتە ئابوورییەکانی ئێستای میسر دەکات کە بریتین لە پاراستنی سوودی ڕاستەقینە، بەدەستهێنانی داهاتی بەرچاو لە بودجەی گشتی و پەیڕەوکردنی سیستەمێکی نەرمی ئاڵوگۆڕی دراو.