لە ڕووداوێکی دەگمەندا لە پارێزگای مەنوفییەی میسر، شەڕەدەنووکی نێوان دوو ژن لەسەر سەرکەوتن بۆ نێو تەکسی، بە گەستنی گوێی پارێزەرێک و به پەنابردنی دادگا کۆتایی هات.
ئهمڕۆ ماڵپهڕی هەواڵی 'ئەلعهین'ـی ئیماڕاتی بڵاویكردهوه، ڕووداوەکە لە گوندی شەمەندیلی سەر بە ناوەندی قووەیسنا ڕووی داوە، کاتێک دەمەقاڵێی نێوان هاوسەری پارێزەرێک و ژنێکی تر لەسەر سەرکەوتن بۆ نێو تەکسی سەری هەڵداوە و دواتر بە تێوەگلانی پارێزەرەکە گرژییەکان تەقیونەتەوە.
ئەو ژنەی تۆمەتبارە بە بریندارکردنی گوێی پارێزەرەکە بۆ میدیا ناوخۆیییەکانی وڵاتهكه ئاشکرای کردووه، لە کاتی شەڕەکەدا پارێزەرەکە بە زۆر جانتاکەی لێ سەندووە کە سەرجەم ناسنامە و کارتە بانکییەکانی تێدا بووە و لە پشتی خۆیەوە شاردوویەتییەوە.
تۆمەتبارەکە ڕوونی کردووەتەوە کە مەبەستی بریندارکردنی سەخت نەبووە، بەڵکو کاتێک پارێزەرەکە ئامادە نەبووە جانتاکەی بداتەوە، پەلاماری پشتی داوە و بە ددان گازێکی لە گوێی گرتووە تا ناچاری بکات جانتاکەی بەربدات.
لە بەرامبەردا، محەممەد عیزەت، ئهو پارێزەرهی لێیدراوە ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی پەیوەندیی پێوە کردووە، بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و ناوبژیوانی چووەتە شوێنی ڕووداوەکە.
پارێزەرەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کاتێک ژنەکەی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکات، بە شێوەیەکی لەناکاو پەلاماری دراوە و گوێی بریندار کراوە.
دەسەڵاتی دادوەریی میسر دوای لێکۆڵینەوە لە تۆمەتە ئاڵوگۆڕکراوەکانی وەک لێدان و بریندارکردن و دزینی جانتا، بڕیاری دا بە ئازادکردنی ژنە تۆمەتبارەکە بە کەفالەتی پێنچ هەزار پاوەندی میسری لەسەر دۆسیەکە.