مووچە مانگی 9ـی فەرمانبەرانی هەرێم گەیشت و وەزارەتی دارایی هەرێم وادەی بڵاوکردنەوەی لیستی مووچەی ئاشكرا کرد.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، بڕی 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار وەک مووچەی مانگی 9ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی دا هاتووە، هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی 9 لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە، ئەمە جگە لەوەی 4,961 ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی 9 نەناردووە، کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
سەبارەت بە وادەی بڵاوکردنەوەی لیستی مووچە، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، کە هەر ئەمڕۆ لیستەکە بڵاودەکاتەوە.