سووریا پشتیوانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی سعودیە لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا دووپات دەکاتەوە و تاوتوێی ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە دەکات؛ هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هەڵوێستی خۆی لەمبارەیەوە ڕاگەیاند.

 

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی هەردوو ئاژانسی ڕۆیتەرز و ماڵپەڕی ئاکسیۆس، سعودیە بۆ شەڕی دژ بە حووسییەکان داوای هێزی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کردووە؛ لە بەرامبەریشدا دیمەشق لێکۆڵینەوە لە شێوازی پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئەم هاوپەیمانە سەرەکییەی خۆی دەکات.

 

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکان، بژاردە بەردەستەکان بریتین لە: پێشکەشکردنی یارمەتی بەرگری بۆ پاراستنی سعودیە لە هێرشەکان و بڵاوەپێکردنی هێزی هێرشبەر بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو هێزە یەمەنییانەی لەلایەن سعودیەوه‌ پشتیوانی دەکرێن.

 

لەلایەکی دیکەوە، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی دەرەوە لە وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریادا ڕایگەیاند کە دیمەشق پشتیوانی لە ئاسایشی سعودیە لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا دەکات، بەڵام هاوکات نایەوێت بەشداری لە هیچ ململانێیەکی سەربازیدا بکات کە زیان بە هەوڵە نیشتمانییە ناوخۆیییەکانی بگەیەنێت.

 

سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتنیش، بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە ناردنی هێزی سووریا دەتوانێت پشتگیریی ئۆپەراسیۆنەکانی سعودیە بکات بێئەوەی پێویست بە تێوەگلانی فراوانی هێزەکانی ئەمریکا بکات؛ هەروەها ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی پێوەندییەکانی نێوان سعودیە و سووریا. لە هەمان کاتدا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپیش ئاگاداری ئەو گفتوگۆیانەیە و دژایەتیی ئەم هەنگاوانە ناکات.

 

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە سەردانێکی فەرمیدا گەیشتە ڕیاز و لەگەڵ محه‌ممه‌د بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆ بووەوە و تێیدا تاوتوێی پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا.