هاکان فیدان سنورەکانی بەشداریکردنی سەربازیی تورکیا لە هاوپەیمانیی مەککە دیاری دەکات و ناردنی هێز بۆ یه‌مه‌ن ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.

 

ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنیتا ئۆربان، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی هەنگاریا لە ئەنقەرە ڕایگه‌یاند، تورکیا پەیماننامەکەی لەگەڵ سعودیه‌ و پاکستان لەسەر بنەمای بەرگری واژۆ کردووە.

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ی توركیا ڕوونی كرده‌وه‌، كه‌ ڕێککەوتنامەی 'هاوپەیمانیی مەککە' هاوپەیمانییەکی تەواو بەرگرییە نەک هێرشبەری و ئەنقەرە هێز ڕەوانەی خاکی هیچ وڵاتێک ناکات بۆ دەستپێکردنی هێرش.

 

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشكرای كرد، کاتێک وڵاتێکی ئەندام لە هاوپەیمانیی مەککە دەکەوێتە بەر هێرش، هاوپەیمانان لە تەنیشتی دەوەستن بۆ بەرگریلێکردنی، بەڵام ئەمە بە واتای ناردنی سەرباز بۆ ئەنجامدانی هێرش لە خاکی وڵاتێکی ترەوە نایەت.

 

فیدان ئاماژەی بەوەش کردووه‌، ڕێکارە یاسایییە پێویستەکان تەواو کراون بۆ ئەوەی ڕێککەوتنامەی هاوپەیمانی مەککە بە مەبەستی پەسەندکردن ڕەوانەی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.

 

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە ڕۆژی سێشەممە، هەریەک لە سعودیە، پاکستان و تورکیا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگریی هاوپەیمانیی مەککەیان بۆ تاوتوێکردنی هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر ناوچەکە ئەنجام دا.

 

لە چوارچێوەی بەدامەزراوەییکردنی هاوپەیمانییەکەدا، بڕیار درا بە دەستنیشانکردنی فەریق نومعان مەحموود لە سوپای پاکستان وەک یەکەمین ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی مەککە بۆ ماوەی 3 ساڵ.

 

وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکە بە توندی سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی شارەکانی مەککە و مەدینە و بەردەوامی پەلامارەکانی حوسییەکانیان بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و ئابوورییەکانی سعودیە کرد.

 

ڕێککەوتنامەی هاوپەیمانیی مەککە لە مانگی ئابی ڕابردوودا لە شاری ڕیاز لە نێوان سعودیە، پاکستان و تورکیا بە ئامانجی دروستکردنی هاوسەنگی ئەمنی لە ناوچەکەدا واژۆ کرا.