ژنێکی ئەمریکی لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریەکەی، پەردەی لەسەر ناسنامە ڕاستەقینەکەی خۆی لادا کە تۆمەتبارێکی هەڵاتووە، دوای ئەوەی زیاتر لە 15 ساڵ بوو بەهۆی دۆسیەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکەوە داواکراو بوو.

ئەمڕۆ دەزگای جێبەجێکردنی یاسا لە ویلایەتی ساوس کارۆلینا بڵاویکردەوە، ژنێکی تەمەن 52 ساڵ لە ویلایەتی تێکساس دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2009ـەوە لەسەر دۆسیەیەکی گیانلەدەستدان لە ویلایەتی جۆرجیا داواکراو بووە.

بەرپرسانی لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە ڕوونیان کردەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی خودی تۆمەتبارەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئۆتۆمبێلەکان بە مەبەستی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەی، بووەتە هۆی ئاشکرابوونی ناسنامە ڕاستەقینەکەی پاش ئەوەی ساڵانێکی زۆر بە بەڵگەنامەی ساختەوە ژیابوو.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکە، تۆمەتبارەکە لە کاتی هەوڵدان بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەی، سیستەمی ئەلیکترۆنی ئاگادارکردنەوەیەکی پێشان داوە و پڕۆسەکەی ڕاگرتووە، ئەوەش وای کردووە لێکۆڵینەوە لەبارەی بەکارهێنانی ناسنامەی دزراوەوە دەست پێبکات.

لێکۆڵەران دوای بەراوردکردنی وێنەکان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی ڕووخسارەوە، بۆیان دەرکەوت ناسنامەی ژنێکی دیکەی بەکارهێناوە و فەرمانی گرتنی کۆنی بە تۆمەتی کوشتن لەسەرە، دواتریش بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ناوخۆیی ویلایەتی تێکساس دەستبەسەر کرا.

ڕووداوە سەرەکییەکە بۆ مانگی ئایاری ساڵی 2009 دەگەڕێتەوە، کاتێک تۆمەتبارەکە لە ژوورێکی هۆتێلدا بە شێوەیەکی نایاسایی و بێ هەبوونی بڕوانامەی پزیشکی، دەرزیی پڕکردنەوەی جوانکاری بۆ دایکێکی 4 منداڵ لێدابوو کە بەهۆی لێکەوتە تەندروستییەکانییەوە لە نەخۆشخانە دایکەکە گیانی لەدەستدا.