لە دانیشتنێکی 15 خولەکیدا، دادگای سلێمانی تۆمەتی ڕێککەوتن بۆ کوشتنی (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) ئاڕاستەی لاهور تاڵەبانی و 11 تۆمەتباری دیکە کرد، لە بەرامبەردا سەرجەم تۆمەتباران بە تەواوی تۆمەتەکەیان ڕەت کردەوە.
کەمێک لەمەوبەر ژینۆ ئیبراهیم، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، دانیشتنی دادگاییکردنەکە کاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانی دەستی پێکرد و لە کاتژمێر 9:45 خولەکدا کۆتایی هات، لە دانیشتنەکەدا لاهور تاڵەبانی، پۆڵاد تاڵەبانی و 10 تۆمەتبارەکەی دیکە ئامادە بوون.
بەپێی گوتەی پارێزەرەکە، دادگا پاڵپشت بە ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتی ئاڕاستەی هەر 12 تۆمەتبارەکە کردووە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە ڕێککەوتن هەبووە بۆ کوشتنی سکاڵاکاران (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی)، کاتێک دادگا پرسیاری لە تۆمەتباران کردووە کە ئایا خۆیان بە تاوانبار دەزانن یان بێتاوان، هەر 12 تۆمەتبارەکە ڕایانگەیاندووە کە "بێتاوانن."
ژینۆ ئیبراهیم ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا دانیشتنەکە هەڵگیراوە بە هۆکاری ئامادەنەکردنی پەڕاوی فەرمی بۆ دیاریکردنی جۆری سزا لەلایەن داواکاری گشتی و تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
لە بەشێکی قسەکانی ئەو پارێزەرە هاتووە، لاهور تاڵەبانی لە دانیشتنەکەدا گوتوویەتی: "ناكرێت ئەو هەموو دواخستنی دادگاییە هەبێت."
ئەو پارێزەرەی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی جەختی کردەوە، هیچ بەڵگەیەکی نوێ نەهاتووەتە دادگای سلێمانی و دانیشتنەکە تەنها بۆ ئاڕاستەکردنی تۆمەتەکان بووە، هەروەها بە ئەگەری زۆرەوە لە دانیشتنی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی دەدرێت.