نەوت و کانزاکانی هەولێر پاکێجێکی نوێی ڕێنمایی لە بارەی ڕێکارەکانی دەرهێنانی کارتی نوێی سووتەمەنی لە کاتی ونبوونیدا بڵاو دەکاتەوە و هاوکات پێدانی بەنزینی 750 دیناری مەرجدار دەکات بە هاوتابوونی ناوی سیانی سەر کارتی نیشتمانی و کارتی سووتەمەنی.
ئهمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بڵاویكردهوه، هاووڵاتییان لە کاتی ونبوونی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنیدا پێویستە دەستبەجێ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن تاوەکو کارتەکەیان ڕابگیرێت و ڕێگری لە کەسانی تر بکرێت بۆ بەکارهێنانی لە وەرگرتنی بەشەسووتەمەنیدا.
بهپێی بڵاوكراوهكه، بۆ دەرهێنانی کارتی نوێی جێگرەوە، مەرجە سەرۆکی خێزان بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئامادە بێت و نووسراوی ونبوونی پۆلیس، کارتی نیشتمانی ئەسڵی، فۆرمی ئەلیکترۆنی، و فۆرمی کۆنی خۆراک پێشکەش بکات. پاش پێشکەشکردنی مامەڵەکە و تەواوکردنی ڕێکارە یاسایییەکان، لە ماوەی مانگێكدا کارتی نوێی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتی دروست دەکرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرجەم شۆفێران لهلایهن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێرهوه ئاگادار دەکرێنەوە کە لە کاتی وەرگرتنی بەشەبەنزینی 750 دیناری، پێویستە تەنیا کارتی نیشتمانی و کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی لەگەڵ خۆیان بۆ بەنزینخانەکان ببەن.
مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی بەنزین ئەوەیە کە ناوی سیانی سەر هەردوو کارتەکە بە تەواوی هاوتا بێت و وەک یەک بێت، بە پێچەوانەوە شۆفێران بێبەش دەبن لە وەرگرتنی بەشەبەنزینەکەیان.
ئەم بڕیارە نوێیەی تایبەت بە پشکنینی ناوی سیانی بۆ وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری لە ڕێکەوتی 8ی 10ی 2026ەوە لە سەرجەم بەنزینخانەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.