ئەمریکا ڕژدە لەسەر ئەوەی هێرشێکی دیکەی فراوان بەر لە دەستپێکردنی هەڵبژاردنی نیوەخولی وڵاتەکە، دژ بە ئێران بکات و بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی جەنگی ئاگادارکردووەتەوە.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە ئاشكرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تا ئێستا بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژ بە ئێران نەداوە، بەڵام وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ ئاگادارکراوەتەوە، وەزارەتەکە پلانەکانی بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەخاتەڕوو، کە تێیدا "هەموو هەڵبژاردێک بۆ هەموو کاتێک ئامادەیە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ڕێنوێنی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)ـی بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە دژی ئێران کردووە و ئاگاداری کردووەتەوە، تا خۆیان ئامادە بکەن. پێشبینی دەکرێت ئەمجارە هێرش بکرێتە سەر ژێرخان، وێستگەکانی وزە و ئەتۆمییەکانی ئێران.
هەرچەندە تا ئێستا هیچ رێکەوتێک بۆ هێرشەکان دیاری نەکراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە 'ئەکسیۆس'ـیان گوتووە کە هێرشەکان بەر لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا دەستپێدەکەنەوە، کە وا بڕیارە لە 3ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، هاوکات هەفتەیەک دوای ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیلیش بەڕێوەدەچێت.
دەنگۆی دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران دوای ئەوە دێت، لەم دوایانەدا بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتیمانی کۆبووەوە، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گفتوگۆی کردووە.
بەرپرسانی ئەمریکا پێشبینی دەکەن ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە، هێرشەکان بە هەماهەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت، بەڵام چەند ڕۆژێک لەمەوبەر میدیا ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوەدا کە وڵاتەکە هەوڵی هێرشکردنە سەر ئێران دەدات تەنانەت بەبێ دەستوەردانی ئەمریکاش.