وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد و نووسراوی تەمویلکردنی پارەکەی ئاراستەی بانکی ناوەندی کرد.

 

ئه‌مڕۆ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق دوای تەواوبوونی پڕۆسەی وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول، واژۆی لەسەر خەرجکردنی گوژمەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم کرد.

 

بڕیارە نووسراوی خەرجکردنەکە بگاتە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و پارەکە بە شێوەی کاش بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.

 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی تەواو کردووە تاوەکو لە کەمترین ماوەدا پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دەست پێبکات.

 

بەپێی زانیارییەکان، ئەم مانگەش پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من' و بانکە فەرمییەکانەوە بەڕێوە دەچێت.

 

ئەگەر پارەی کاش لە کاتی گونجاودا بگاتە بانکەکان، دەستبەجێ خشتەی مووچە بڵاودەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، بە پێچەوانەوە دابەشکردنەکە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژی یەکشەممەوە.

 

هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، بەغدا بڕی 120 ملیار دیناری لە بەرامبەر داهاتی ناوخۆ لە کۆی تەمویلەکە بڕیوە، هەرچەندە بڕی پارەی ئەم مانگە بەهۆی زیادکردنی شایستەی خانەنشینانەوە زیاترە لە مانگی پێشوو.

 

بەپێی پلانی وەزارەتی داراییی هەرێم، دابەشکردنی مووچە لە ماوەی سێ بۆ چوار ڕۆژدا بە خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان، هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم وەزارەتەکان کۆتایی دێت.