دەستەی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی عەرەبستانی سعودیه دوو هێرشی بۆ سەر هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەبها و شا خالید لە ڕیاز ڕاگهیاند، كه 3 کەس گیانیان لەدەست داوە و 36 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی سعودیه لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، پەلامارەکان لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە 6 و 7ی تشرینی یەکەمی 2026 ئەنجام دراون و دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکە، لە پەلامارەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەبها دوو ژنە دانیشتووی بیانی بە ڕەگەزنامەکانی مەغریبی و جەزائیری گیانیان لەدەست داوە.
هەر لە فڕۆکەخانەی ئەبها 28 کەسی دیکە بە برینی جیاوازی سووک و سەخت بریندار بوون کە لە هاووڵاتییانی سعودیە و دوو دانیشتووی خاوەن ڕەگەزنامەی بەنگلادیشی و فلیپینی پێک هاتوون.
لەلایەکی دیکەوە، پەلاماردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە پایتەختی سعودیە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی دانیشتووی بە ڕەگەز سوودانی.
لە فڕۆکەخانەکەی ڕیاز 8 کەسی دیکەش بریندار بوون کە 5 هاووڵاتی سعودی، دوو دانیشتووی میسری و هاووڵاتییەکی خاوەن ڕەگەزنامەی پاکستانی لەخۆ دەگرن.
دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئاماژەی بەوە کردووه، سەرجەم بریندارەکان بەپەلە بۆ نەخۆشخانەکان گواستراونەتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، هاوکات زیانی ماددی بەر ژێرخانی هەردوو فڕۆکەخانەکە کەوتووە.
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە ڕایگەیاندووه، پاش هێرشەکان توانیویانە لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرادا ئەو سەکۆیەی مووشەکی بالیستی تێک بشکێنن کە بۆ بە ئامانجگرتنی شاری ڕیاز بەکار هاتبوو.
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سعودیە هۆشدارییەکی ئەمنیی بەپەلەی بڵاو کردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی کرد وریایی خۆیان بەرز بکەنەوە و پێش ڕۆیشتن بۆ فڕۆکەخانەکان لە کاتی گەشتەکانیان دڵنیا ببنەوە.
بەپێی ڕێنمایییەکانی ئەمریکا، گەشتکردنی فەرمانبەرانی حکومەتی واشنتن بۆ ناوچە سنوورییەکانی نزیک یەمەن بە دووریی 32 کیلۆمەتر (نزیکەی 20 میل) بە تەواوی قەدەغە کراوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا مەرجی مۆڵەتی تایبەتی بۆ فەرمانبەرانی داناوە لە کاتی سەردانیکردنی ناوچەکانی جازان، عەسیر و نەجران، لەگەڵ شارەکانی قەتیف، یەنبوع و تائیف.
ئەم هێرشانە پاش زنجیرەیەک هەڕەشەی ئاشکرای گرووپی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و ئاسمانی سعودیە دێن، لە کاتێکدا لایەنە ئەمنییەکانی شانشینەکە ڕێوشوێنی توندیان بۆ پاراستنی سەلامەتی گەشتیاران گرتووەتە بەر.