کەڵەکەبوونی قەرزێکی گەورە بە بڕی نزیکەی 210 تریلیۆن دینار هاوکات لەگەڵ پچڕانی هەناردەی نەوت، عێراقی ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی دارایی کردووەتەوە.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بڵاوی کردەوە، یوسف کیلابی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاندووە حکومەتی ئێستای عێراق لە دۆخێکی دارایی زۆر سەختدایە، قەرزە شایستەکانی وڵاتەکە گەیشتوونەتە نزیکەی 210 تریلیۆن دینار.
ئەم ئەندامەی لێژنەی دارایی پەرلەمان ڕوونی کردەوە، فرۆشتنی نەوتیش بۆ زیاتر لە 6 مانگە بەهۆی ڕووداوەکانی گەرووی هورمزەوە ڕاگیراوە، ئەوەش ئاستەنگی گەورەی لە بەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکان دروست کردووە و پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە هەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.
کیلابی بەراوردی لە نێوان کابینەکانی پێشووتری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر و کابینەی محەممەد شیاع سوودانی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە کابینەی کازمی سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دروستبوونی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان، زیادەیەکی نەختی بە بڕی 70 تریلیۆن دینار ڕادەست کرد، کەچی کابینەکەی سوودانی بە 210 تریلیۆن دینار قەرزەوە حکومەتی ڕادەستی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق کرد.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجەی گشتی و مووچەی مووچەخۆران، بەردەوامیی پچڕانی داهاتی نەوتیش توانای دەوڵەت بۆ بەجێگەیاندنی پابەندییە داراییەکانی دەخاتە ژێر مەترسییەوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان داوای کرد، لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو لایەنانە بکرێت کە بوونە هۆی نقوومکردنی دەوڵەت لەناو قەرزدا، هەروەها لێکۆڵینەوە لەو پڕۆژانە بکرێت، کە بە تێچووی زەبەلاح جێبەجێ کراون و بوونەتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانی، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری توند بەرامبەر تێوەگلاوانی گەندەڵی.
وڵاتی عێراق، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو دەبەستێت بۆ دابینکردنی زیاتر لە 90٪ـی خەرجییەکانی، دروستبوونی هەر جۆرە کێشەیەک لە هەناردەکردندا کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر مووچەی فەرمانبەران و بازاڕ دروست دەکات.