پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری ئاسایی خۆی هەڵوەشاندەوە و دانیشتنی ئەمڕۆی بە تەواوی بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار تەرخان کرد.
ئەمڕۆ د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ پایتەخت میدیا ڕایگەیاند کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی داراییی خۆی ئەو بڕیارەی داوە، بەڵام هەنگاوەکە لە ڕووی یاساییەوە نادروستە؛ دەبوو بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاربەدەستی ڕاستەقینە و سەربەخۆ بێت لە دیاریکردنی سیاسەتی نەختینە و بەهای ئاڵوگۆڕدا.
سەبارەت بە توانای پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، د. فازڵ نەبی ڕوونی کردەوە کە لە ڕووی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆوە پەرلەمان ناتوانێت بڕیارەکە هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام لە ڕێگەی دروستکردنی گوشاری سیاسی و ئابووریی بەهێزەوە لە عێراقدا، دەتوانرێت هەر بڕیارێک هەموار بکرێت، بگۆڕدرێت یان ڕابگیرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای پێداگرییەکی زۆری پەرلەمانتاران، بەرنامەی کاری ئاساییی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوەشێنرایەوە و تەواوی دانیشتنەکە تەرخان کرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.
شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاساییی خۆیدا، بڕیاری هەموارکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری دا و بەهای دیناری دابەزاند.