سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاری بانگهێشتکردنی بەرپرسانی باڵای دارایی بۆ پەرلەمان ڕاگەیاند، بە مەبەستی لێپێچینەوە لە هۆکارەکانی بەرزکردنەوەی نرخی فەرمیی دۆلار بۆ زیاتر لە 1500 دینار.

 

ئەمڕۆ فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری داوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی هۆکارەکانی بەرزکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر دینار و لێکەوتە ئابوورییەکانی، سبەینێ پێنجشەممە پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی لە دانیشتنی پەرلەماندا میوانداری بکرێن.

 

ئەمەش دوای ئەوە هات، کە ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی عێراق داوایەکی بەپەلەیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، بەو هۆیەوە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان لە بابەتە سەرەکیەکانییەوە  بۆ کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری لەسەر پرسی گران بوونی دۆلار بەرامبەر بە دینار گۆڕدرا.

 

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، کە بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق و بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و یاسای هەموارکراوی بانکی ناوەندی، نرخێکی نوێ بۆ فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی پەسەند کرا.

 

بەپێی نرخە نوێیەکان، کڕینی هەر دۆلارێک لە وەزارەتی دارایی بە 1500 دینار، فرۆشتنی بە بانکەکان بە 1510 دینار و فرۆشتنی ڕاستەوخۆ بە هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاری کراوە، هەروەها داوا لە سەرجەم دامەزراوە داراییەکان کراوە دەستبەجێ سیستمی بانکییان بەپێی ئەم نرخە نوێیە ڕێکبخەن.

 

حکومەتی عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چەند جارێک نرخی فەرمیی دۆلاری دەستکاری کردووە بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ئاڵوگۆڕی دراو. ئەم بڕیارانە هەمیشە کاردانەوەی توندی شەقام و ناڕەزایەتیی سیاسیی لە پەرلەمان لێکەوتووەتەوە بەهۆی کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر گرانیی بازاڕ و بژێویی هاووڵاتییان.