حیزبی دەعوەی ئیسلامی هۆشداری لە لێکەوتەکانی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکان لەسەر توانای دارایی و گوزەرانی هاووڵاتییان ئەنجام بدرێت.

 

ئەمڕۆ حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دەرئەنجامی ئەم دۆخە لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕەکاندا و دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتییاندا ڕەنگی داوەتەوە؛ ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە و کاردانەوەی نەرێنی لەسەر ئارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵات دروست دەکات.

 

لە بەیاننامەکەی حیزبی دەعوەی ئیسلامیدا هاتووە، جەنگی ئێستای ناوچەکە بارودۆخێکی سەختی بەسەر ئابووریدا سەپاندووە، بەڵام پێویستە لایەنە پێوەندیدارەکان دەستبەجێ سنوورێک بۆ ئەم هەڵکشانە خێرایەی بەهای دۆلار دابنێن و چارەسەری بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی لێکەوتەکانی بدۆزنەوە.

 

حیزبی دەعوە دووپاتی کردەوە، نابێت چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و پڕکردنەوەی کورتهێنانەکان لەسەر ئەستۆی هاووڵاتییان و لەسەر حیسابی دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان ئەنجام بدرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، حیزبی دەعوەی ئیسلامی داوا لە بازرگانان دەکات کە ڕەچاوی ئەم دۆخە سەختەی گوزەرانی هاووڵاتییان بکەن و دوور بکەونەوە لە دروستکردنی گوشاری زیاتر لەسەر بازاڕ.