ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە بەکارهێنانی دەرمان و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دابەزاندنی کێش بۆ منداڵانی خوار تەمەنێکی دیاریکراو دەدات.

 

ئەمڕۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریی دا کە بەکارهێنانی چارەسەری دەرمانی و نەشتەرگەری بۆ دابەزاندنی کێشی منداڵانی خوار تەمەنی 10 ساڵ گونجاو نییە و کێشەی قەڵەوی چارەسەر ناکات؛ بەڵکو لە جیاتیی ئەو ڕێکارانە، پێویستە گرنگی بە شێوازی ژیان و خۆراکی تەندروست بدرێت.

 

ئەم هۆشدارییەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەو دەرمانە نوێیانەی وەک ئۆزەمپیک، مۆنجارۆ و ویگۆڤی دەگرێتەوە، کە هاوشێوەی هۆرمۆنی جی ئێڵ پی-1 (GLP-1) کار دەکەن و لە بنەڕەتدا بۆ نەخۆشی شەکرە بەرهەم هێنرابوون، بەڵام لە ئێستادا بۆ کەمکردنەوەی کێش بەکار دەهێنرێن.

 

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکانی ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، هەرزەکارانی تەمەن 10 بۆ 19 ساڵ تەنیا لە کاتێکدا دەتوانن دەرمانی مۆڵەتپێدراو بەکار بهێنن، کە بەرنامەی سەرپەرشتیکراوی گۆڕینی شێوازی ژیان لە ماوەی 6 مانگدا هیچ ئەنجامێکی نەبووبێت.

 

پسپۆڕانی ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە نەشتەرگەریی قەڵەویش بۆ ئەم تەمەنە، تەنیا لە حاڵەتی قەڵەویی مەترسیدار و بوونی نەخۆشییەکانی وەک شەکرەی جۆری دووەم و بەرزەپەستانی خوێندا ڕێگەپێدراوە، بە مەرجێک گەشەی جەستەییی و هۆشیارییان تەواو بووبێت.

 

داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەری دەخەن کە لە ساڵی 2024دا نزیکەی 70 ملیۆن منداڵی تەمەن 5 بۆ 9 ساڵ لەگەڵ 100 ملیۆن هەرزەکار لە سەرانسەری جیهاندا گیرۆدەی قەڵەوی بوون؛ هەروەها ڕێژەی قەڵەوی لەنێوان تەمەنی 5 بۆ 19 ساڵ، لە سەدا 2ی ساڵی 1990ەوە بۆ سەدا 8 لە ساڵی 2024دا بەرز بووەتەوە.

 

پەرەسەندنی خێرای کێشەی قەڵەوی لە سەرتاسەری جیهاندا وای کرد کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆتاییی ساڵی 2025دا دەرمانەکانی گرووپی جی ئێڵ پی-1 بۆ پێگەیشتووان پەسەند بکات؛ سەرەڕای کەمبوونەوەی ڕێژەکەش لە هەندێک وڵاتی دەوڵەمەنددا، ئەم کێشەیە وەک ئاڵنگارییەکی گەورەی تەندروستی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا بەردەوامە.