ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان عێراق و تورکیادا بۆ بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی ڕۆژانەی نزیکەی 750 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆرییە هاوبەشەکانەوە واژۆ کرا.
ئەمڕۆ سەلیم ڕوکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند کە بەغدا و ئەنقەرە ڕێککەوتنێکی کاتیی یەک ساڵەیان بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە ڕێگەی هێڵی بۆرییەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا واژۆ کردووە.
ڕوکابی ڕوونی کردەوە، ئەم ڕێکارە جێگرەوەی گەرووی هورمز نییە، بەڵکو وەک هێڵێکی یەدەگ بەکار دێت بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بەپێی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو دەوڵەت، تا ئەو کاتەی لە پڕۆژەکانی وزەدا دەگەنە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن.
بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەردوو وڵات، عێراق دەتوانێت ڕۆژانە تا 750 هەزار بەرمیل نەوت لەم ڕێگەیەوە هەناردە بکات؛ گەیشتن بەم ئاستەش پێوەستە بە گەڕانەوەی توانای تەواوی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و باشتربوونی ڕەوشی ئەمنییەوە.
هاوکات لە ماوەی ئەم ساڵەدا، هەردوولا کار بۆ ئامادەکردنی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن دەکەن لەسەر بنەمای پەیماننامەی ساڵی 1973، تا ئاستی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی تورکیاوە بگاتە 1 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل.
بەندەری جەیهان کە دەکەوێتە باشووری تورکیا و لەسەر دەریای ناوەڕاستە، بە یەکێک لە گرنگترین دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت لە ناوچەکەدا دادەنرێت. ئەم بەندەرە خاڵی کۆتاییی هێڵەکانی نەوتی (کەرکووک – جەیهان) و (باکۆ – تبلیس – جەیهان)ە، و ساڵانە ملیۆنان بەرمیل نەوتی لە ڕێگەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان هەناردە دەکرێت؛ بۆیە ڕۆڵێکی ستراتیژی لە بازرگانیی وزە و داهاتی نەوتی عێراق و تورکیادا دەگێڕێت.
پێشتر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەهۆی ناکۆکییە یاسایی و دارایییەکانی نێوان بەغدا، ئەنقەرە و کۆمپانیا نەوتییەکانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕاگیرابوو؛ ئەم لێکتێگەیشتنە کاتییەش هەنگاوێکە بۆ بووژانەوەی کەرتی وزەی باکوور و کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواوی عێراق بە دەروازە ئاوییەکانی باشوور.