وەزارەتی پێشمەرگە دەنگۆی گەیشتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هێزەکانی وەزارەتەکەی بە تەواوی ڕەت کردەوە و جەخت دەکاتەوە، هیچ جۆرە سیستەمێک نەگەیشتووەتە دەستیان.

کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند کەناڵێکی فەرمی، نافەرمی و پەیجەکانی سۆشیال میدیا، هەواڵێک بەناوی سەرچاوەیەک لە وەزارەتەوە لەسەر گەیشتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بڵاو کراوەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە جەختی کردووەتەوە، هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە وەزارەتەکەیان لێدوانی لەسەر ئەم بابەتە نەداوە و سەرلەبەری هەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە، تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی نەگەیشتووەتە وەزارەتەکەیان.