دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەن لە دروستبوونی شۆک لە بازاڕدا و زیانگەیشتن بە بازرگانان.
ئەمڕۆ گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بازرگانان و هاووڵاتییان و بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی گوزەرانی خەڵک دراوە، دەستبەجێ ئاسەواری خراپی لەسەر گرانبوونی کاڵا هاوردەکراوەکان دەبێت.
سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان ڕوونیکردەوە، بەشێکی زۆری بازرگانان لە ڕۆژانی ڕابردوودا حەواڵەی داراییان ئەنجام داوە، بۆیە ئەم بڕیارە کوتوپڕە زیانی گەورەی دارایییان پێ دەگەیەنێت.
ناوبراو داوای لە حکومەتی فیدراڵی و بانکی ناوەندی دەکات، پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکەن، یانیش پرۆسەی جێبەجێکردنی بە شێوەی پلەبەندی بێت تاوەکو بازاڕ بەرەو شڵەژان نەچێت.
گەیلان حاجی سەعید داوای دابەشکردنی یەکسانی دۆلاری لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ سەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، تاوەکو بازرگانانی هەرێم بێبەش نەبن لە نرخی فەرمی و جیاوازیی نرخی بانکی ناوەندی و بازاڕی ئازاد بارگرانیی زیاتر لەسەر هەرێمی کوردستان دروست نەکات.