یەکێتیی ئەوروپا بە تۆمەتی هاوکاریکردنی جەنگی نێوان دوو وڵاتەکە، بەرفراوانترین سزای دارایی بەسەر نزیکەی 1600 کەسایەتی و دامەزراوەدا سەپاند.

 

ئەمڕۆ دیپلۆماتکارانی یەکێتیی ئەورووپا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە لەسەر پاکێجێکی نوێ و گەورەی سزاکان دژ بە ڕووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە ڕێک کەوتوون. بەپێی بڕیارەکە، تەواوی سەرمایە و سامانی ئەو کەس و لایەنانە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا سڕ دەکرێت و قەدەغەی گەشتکردنیشیان بەسەردا دەسەپێنرێت؛ هاوکات بڕیار وایە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەدا لە لۆکسمبۆرگ، بە فەرمی بڕیارەکە پەسەند بکرێت.

 

ئەم پاکێجەی سزاکان 743 کەس و 826 دامەزراوە دەگرێتەوە، کە سەرجەمیان بە کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازیی ڕووسیاوە بەستراونەتەوە. جیا لەوەش، بەهۆی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی دۆمای ڕووسیا و بە نادیموکراتی وەسفکردنی، 77 ناوی دیکە خراونەتە لیستی ڕەشەوە کە 3 ئەندامی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە لەخۆ دەگرێت؛ بەمەش کۆی گشتیی سزادراوان بۆ نزیکەی 4500 کەس و دامەزراوە بەرز دەبێتەوە.

 

سەرەڕای پەسەندکردنی ئەم لیستە نوێیە، ناکۆکی کەوتووەتە نێوان وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپاوە، دوای ئەوەی فەرەنسا بە پاساوی ئاسایشی نەتەوەیی ناوی سەرمایەدارێکی ڕووسیی لە لیستەکە سڕییەوە و بەشێک لە دەوڵەتانی دیکەش ئەم هەنگاوەیان بە مەترسیدار زانی؛ هەروەها لۆکسمبۆرگیش هاوشێوەی پاریس توانیویەتی ناوی بازرگانێکی دیاری ڕووسی لە لیستی سزاکان دەربهێنێت.

 

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرایناوە، وڵاتانی ڕۆژاوا توندترین سزای ئابووری و سەربازییان بە مەبەستی لاوازکردنی توانای داراییی سوپاکەی بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە؛ لە بەرامبەریشدا، ڕووسیا بە بەردەوامی ئەم سزایانە بە نایاسایی و بێکاریگەر لەسەر ئاراستەی شەڕەکە دادەنێت.