ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دەستکارییکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری دا.

کەمێک لەمەوبەر بانکی ناوەندی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دەستکاریکردنی نرخی فرۆشتنی فەرمی دۆلاری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم دەستکارییە ئەرێنییە بە مەبەستی گەیشتنە بە جێگیریی ئابووریی بەردەوام و دەستەبەرکردنی گەشەپێدانی گشتگیر.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەروازەی نوێ خزمەت بە ئابووریی نیشتمانی و هاووڵاتییان دەکات لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی بەرهەمی نیشتمانی، پیشەسازیی ناوخۆ، ڕەخساندنی کێبڕکێی ڕەوا بۆ کاڵا عێراقییەکان، هاندانی فراوانکردنی کارگە و کۆمپانیا نیشتمانییەکاب و دروستکردنی ژینگەیەکی وەبەرهێنان بۆ کەرتە ناوخۆییەکان.

بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان و سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان بەوەی یەدەگی دراوی بیانیی لە ئاستێکی بەهێز و شیاودایە و وەڵامدانەوەی تەواو و دەستبەجێ بۆ هەموو داواکارییەکانی حەواڵەی دەرەکی بۆ دابینکردنی داراییی بازرگانی، یەکلاییکردنەوەی کارتە بانکییەکان و فرۆشتنی کاش بۆ گەشتیاران بێ هیچ ئاستەنگێک دەستەبەر دەکات.

لە کۆتاییدا بانکی ناوەندی عێراق جەختی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە دەرفەتی کاری نوێ بۆ پرۆژە بچووک و ناوەندەکان دەڕەخسێنێت تاوەکو ڕێژەی بێکاری کەم ببێتەوە، هەروەها بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری سەرجەم ئەو ڕێکارانەی سەلامەتی و جێگیریی سیستەمی دارایی و بەرژەوەندیی نیشتمان دەستەبەر دەکەن.

نرخە نوێیەکانی دۆلار بەم شێوەیە دیاری کراوە:

- نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک.

- نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک.

- نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک (واتە 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار).