ئارەزووی خوێندنەوە لە ناوەندەکانی چاکسازیی هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە و سزادراوان زیاتر لە 2 هەزار کتێبیان خوێندووەتەوە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی گەورانی هەولێر ڕایگەیاند، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا (ئەیلوول) سزادراوانی ناوەندەکە 2 هەزار و 80 کتێبی جۆراوجۆریان خوێندووەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئارەزووی بەدەستهێنانی زانیاری لەنێو سزادراواندا بووەتە کولتوورێکی ڕۆژانە؛ بەشداربووان لە ڕێگەی سیستەمێکی مۆدێرن و ڕێکخراوەوە کتێبی دڵخوازی خۆیان هەڵدەبژێرن و دوای تەواوکردنی دەگەڕێننەوە، تاوەکو کەسانی دیکەش سوودی لێ ببینن.
کتێبخانەی ئەم ناوەندەی چاکسازییە، لەلایەن هۆبەی توێژینەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە بە شێوەیەکی زانستی سەرپەرشتی دەکرێت و لە ئێستادا 9 هەزار و 653 کتێب لەخۆ دەگرێت بە 6 هەزار و 477 ناونیشانی جیاوازەوە. ئەم پڕۆسەیە ئامانجێکی پەروەردەییی و چاکسازییی بەهێزی لەپشتە، بە جۆرێک دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە هزری سزادراوان و ئامادەکردنیان بۆ گەڕانەوەیەکی تەندروست بۆ نێو کۆمەڵگە.
ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا، لە ساڵانی دواییدا بایەخێکی تایبەت بە پڕۆگرامەکانی فێرکاری و هۆشیارکردنەوەی سزادراوان دەدەن؛ کردنەوەی خولە جیاوازەکان و بووژاندنەوەی کتێبخانەکان بەشێکن لە ستراتیژی حکوومەت بۆ گۆڕینی زیندانەکان لە شوێنی سزادانەوە بۆ ژینگەی پەروەردە و ڕاهێنان.
لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیشدا، خوێندنەوەی کتێب بەشێکە لە بەرنامەکانی چاکسازی و ئامادەکردنی زیندانییان بۆ گەڕانەوە بۆ نێو کۆمەڵگە. زیندانەکان زۆرجار کتێبخانە یان بەرنامەی دابینکردنی کتێبیان هەیە و توێژینەوەکانیش دەری دەخەن کە خوێندنەوە یارمەتیی بەرزکردنەوەی ئاستی فێربوون، کەمکردنەوەی توندوتیژی و باشترکردنی دەرفەتی گەڕانەوەی زیندانییان بۆ ژیانی ئاسایی دەدات.