فالح ساری لەگەڵ لێژنهی دارایی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبووەوە و دڵنیایی دا کە هیچ کێشەیەکی نەختینە بۆ خەرجکردنی مووچە بوونی نییە.
ئەمڕۆ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، سبهی چوارشهممه مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی نۆی ڕادەستی بەغدا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2027 کرا و جەخت لەسەر دوورخستنەوەی مووچە لە پێوەری خەرجی ڕاستەقینە کرایەوە.
دكتۆر دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە تێچووی دەرهێنانی نەوت و مەرجی ڕادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە هێشتا وەک خاڵی ناکۆک ماونەتەوە.
نوێنەرانی کورد لە پەرلەمان ڕەخنەیان لە دیاریکردنی پشکی هەرێم بە ڕێژەی 12.67% گرت و داوایان کرد پشکەکە بۆ 14.14% بەرز بکرێتەوە کە هاوتای ئەنجامی سەرژمێریی نوێیە.
بەپێی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نابێت بە هیچ بیانوویەک یان کێشەیەکی سیاسی و دارایی ڕابگیرێت.