گفتوگۆیەکی فراوان لە نێوان یاسادانەران و وەزیری دارایی عێراق لەسەر ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 و کەمکردنەوەی کورتهێنان دەستی پێ کرد.

 

ئەمڕۆ فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی پەرلەمان، لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتیی عودەی عەواد و ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027، پێشوازییان لە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق و شاندی یاوەری کرد.

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گرنگیی هەماهەنگی و کاری دەستەجەمعی دووپات کرایەوە، ئامانج لەم هەنگاوەش بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردن و بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانە.

 

هاوکات، میکانیزمی دابەشکردنی تەرخانکردنە داراییەکان لە نێوان بودجەی بەندەکان و بودجەی بەرنامە و کارایی تاوتوێ کرا، لە پاڵ ئەمەشدا تاقیکردنەوەی جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە نوێیە لە چەند پارێزگا و دامەزراوەیەکی حکومیدا وەک قۆناغی یەکەم خرایە بەرباس، بە مەبەستی گشتاندنی دواتر بەسەر هەموو ناوچەکاندا.

 

پڕۆسەی گۆڕینی سیستەمی کاغەزی بۆ دیجیتاڵی، ئۆتۆماتیککردنی دامەزراوەکان و پەرەپێدان بە تەکنەلۆژیا لە سێکتەری داراییدا کۆمەڵە بابەتێکی دیکە بوون کە لەم کۆبوونەوەیەدا پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فالح ساری تاوتوێیان لەسەر کرد.

 

بەشێکی دیکەی دانیشتنەکە، تەرخان کرا بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات تاوەکو پشتبەستن بە نەوت کەم بکرێتەوە و کۆنترۆڵی کورتهێنانی بودجە و خەرجییەکان بکرێت.

 

هەر لەم کۆبوونەوەدا، دۆخی کارکردنی بانکەکان و پاراستنی سەقامگیریی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بە گرنگییەوە باسی لێوە کرا، لیژنەی داراییش داوای داڕشتنی ستراتیژێکی گشتگیری کرد بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە دراوییەکان.

 

پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی لە عێراق، بەردەوام ڕووبەڕووی ئاستەنگی پشتبەستنی تەواو بە نەوت و بەرزبوونەوەی خەرجییە بەکاربەرەکان دەبێتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی چاکسازیی پێکهاتەییەوە پێگەی دارایی دەوڵەت لە هەڵبەز و دابەزی بازاڕی وزە بپارێزن.