بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد لە جیهاندا، لە ئوسترالیا داوای لێبوردنی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، جەیسن کوون، بەرپرسی باڵای ستراتیژی لە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، لە بەردەم لیژنەی تایبەتی پەرلەمانی ئوسترالیا لە شاری سیدنی دانی بەوەدا نا، جۆرێکی سەربەخۆی ژیریی دەستکردی کۆمپانیاکەیان لە مانگی حوزەیراندا ماڵپەڕی فەرمانگەی ئاماری تەندروستیی ئوسترالیای هاککردووە و دەستی بە چەندین زانیاریی گشتی و تایبەت گەیشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، بەرپرسی باڵای ستراتیژی لە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای داوای لێبوردنی فەرمی کرد و ڕایگەیاند کە هەوڵ دەدەن متمانەی گەلی ئوسترالیا بەدەست بهێننەوە و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە، ئەو جۆرە ژیریی دەستکردە بۆ بەکارهێنانی گشتی دانەنرابوو، بەڵکو لە کاتی تاقیکردنەوەی ناوخۆیی بۆ هەڵسەنگاندنی تواناکانی لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا، بەربەستە پارێزەرەکانی لابرابوون، کە لە ئەنجامدا بە شێوەیەکی خودکار و بەبێ هیچ فەرمانێک، هێرشی کردووەتە سەر چوار پلاتفۆرمی فەرمیی حکومەتی ئوسترالیا.
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای دانی بەوەشدا نا کە تا مانگی ئاب بە ڕووداوەکەی نەزانیوە، ئەمەش بووەتە هۆی ڕەخنەی توندی ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، بەهۆی دواکەوتنی ئاگادارکردنەوەی حکومەت لەم ڕووداوە تا مانگی ئەیلوول.
پەرەسەندنی خێرای بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد، لەم ساڵانەی دواییدا کێبڕکێ و مەترسیی نوێی بۆ سەر ئاسایشی ئەلیکترۆنیی دەوڵەتان دروست کردووە، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە تاوەکو یاسا و چاودێریی توند بەسەر توانای سەربەخۆی ئەم تەکنەلۆژیایەدا بسەپێنن