شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی شایستە دارایییەکان لە بودجەی ساڵی 2027ی عێراق، سەردانی بەغدا دەکات.

 

ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026 شاندەکە بە فەرمی دەگاتە بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەست پێدەکات.

 

شاندەکە پێک هاتووە لە سەرۆک و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتی بودجە و ژمێرکاری، لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە.

 

به‌پێی بڵاوكراوه‌كه‌ی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی، گفتوگۆ لەسەر پابەندییە نەوتی و دارایییەکانی هەرێم و مسۆگەرکردنی بەشەبودجەی ساڵی 2027 دەکرێت. شاندی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە هەولێر سەرجەم پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە، بۆیە نابێت هیچ بیانوویەک بۆ دواخستن یان ڕاگرتنی مووچە و شایستە دارایییەکان بهێڵرێتەوە.

 

دۆسیەی سەرەکی گفتوگۆکان مسۆگەرکردنی مووچەی مووچەخۆران، پێشمەرگە، خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان، و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەبێت لە یاسای بودجەدا. شاندەکە داوا دەکات مووچەی هاووڵاتییانی هەرێم هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق مسۆگەر بکرێت و لە پێوەری خەرجیی ڕاستەقینە دوور بخرێتەوە.

 

ئەم سەردانە درێژەپێدەری زنجیرەیەک گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدایە کە لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکان بەڕێوە دەچێت.