وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا چەمکی (دەستپاکی ئەکادیمی) بخاتە نێو پرۆگرامی خوێندنی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە گشتاندنێکی فەرمیدا بە ئیمزای د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا بڵاویکردەوە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆژەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی گەندەڵی لە بواری توێژینەوەی زانستیدا جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی گشتاندنەکە کە ئاراستەی سەرجەم زانکۆکان، ئەنجوومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیجی کراوە، بابەتی دەستپاکیی ئەکادیمی (Academic Integrity) دەخرێتە نێو ماددەی میتۆدەکانی توێژینەوەی زانستی (Research Methodology).
وەزارەت ڕوونی کردووەتەوە کە لە سەرجەم بەشەکانی کۆلێژ، فاکەڵتی و پەیمانگەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 و ساڵانی دواتر، ئەم بابەتە بۆ ماوەی 1 تا 2 هەفتە دەوترێتەوە.
بڕیارەکە هەردوو ئاستی خوێندنی بەرایی (دیبلۆمی تەکنیکی، پیشەیی و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دیبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا و بۆردی پزیشکی) دەگرێتەوە، بە مەبەستی ئاشناکردنی زیاتری قوتابییان و خوێندکاران لهسهر بنهمای ڕاستگۆیی زانستی.
هاوکات هاوپێچ لەگەڵ نووسراوە فەرمییەکەدا، پرۆگرامێکی تایبەت بە دەسپاکی ئەکادیمی کە لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە ئامادە کراوە بۆ زانکۆکان نێردراوە، تا ببێتە سەرچاوەی زانستی بۆ مامۆستایان لە کاتی وانەوتنەوەدا.
ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان و پاڵپشت بە کۆنووسی لێژنەی وەزاری ئەنجام دراوە، بە ئامانجی بنبڕکردنی دیاردەی دزینی زانستی و بەرزکردنەوەی متمانەی بڕوانامە و توێژینەوە ئەکادیمییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.