بڕیاری قەدەغەکردنی یەکێک لە ئەپڵیکەیشنە باوەکانی ڕێنیشاندەر بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە لە سەرەتای ساڵی 2027 لە عێراق ئاشکرا کرا.

ئەمڕۆ مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەپڵیکەیشنی نەخشە و ڕێنیشاندەری وەیز (Waze) دروستکراوی ئیسرائیلە، لە سەرەتای ساڵی 2027 لە سەرتاسەری عێراق قەدەغە دەکرێت.

وەزیری گەیاندنی عێراق ڕوونی کردەوە، ئەم ئەپڵیکەیشنە لە عێراق بەکارهێنەرێکی زۆری هەیە، بەڵام چەندین جێگرەوەی گونجاو لەبەردەستدان، لەوانە گووگڵ ماپ و سیستەمی ڕێنیشاندەری خۆماڵیی عێراقی، بۆیە هاووڵاتییان دەتوانن ئەم جێگرەوانە بەکار بهێنن.

سەبارەت بە گرێبەست و پێدانی مۆڵەت بە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک، مستەفا سەنەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پرسە لە دەسەڵاتی وەزارەتەکەیاندا نییە، ئەرکی وەزارەتی گەیاندنی فیدراڵی تەنیا لە ژێرخان و پۆستەدا کورت دەبێتەوە و جیاوازە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، چونکە تەواوی مەلەفی مۆڵەتدان و ڕێکخستنی ستارلینک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقدایە.

یاساکانی عێراق مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوە و بەرهەمە ئیسرائیلییەکان قەدەغە دەکەن و سزای توندیان بۆ دادەنێن، دەزگا ئەمنییەکان لەم چوارچێوەیەدا چاودێریی تۆڕە دیجیتاڵییەکان دەکەن تاوەکو ڕێگری لە هەر دزەکردنێکی هەواڵگری لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنە زیرەکەکانەوە بکەن.

وەیز (Waze) ئەپێکی ڕێنیشاندەر و گەشتکردنی سەر شەقامە، لە ساڵی 2008 لە ئیسرائیل دامەزرا و لە ساڵی 2013 لەلایەن گووگڵەوە بە نزیکەی 1.1 ملیار دۆلار کڕدرایەوە، ئەپەکە پشت بە زانیاریی بەکارهێنەران دەبەستێت بۆ نیشاندانی بارودۆخی هاتوچۆ، ڕووداوەکانی شەقام و گونجاوترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئامانج، ئێستا بە ملیۆنان کەس لە جیهاندا بەکاری دەهێنن.