ئەمریکا بۆیەکەمجار لەدوای نزیکەی 70 ساڵەوە، بە ڕەزامەندی دۆناڵد ترەمپ تیرۆرستێک بە شێوازی 'گوللە بارانکردن' لە سێدارە دەدات.
میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ڕەزامەندی پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ واژۆی لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی 'نیدال حەسەن'ـی 56 ساڵان کردووە، ئەو کەسەی دەستی لە کۆمەڵکوژی بنکەی سەربازی 'فۆرت هوود'ـی ویلایەتی تێکساس لە ساڵی 2009 هەبووە.
لە ساڵی 2009 نیدال حەسەن بە گوتنەوەی "ئەڵاهو ئەکبەر" دەستڕێژی گوللەی لە سەربازانی بێ چەک لە بنکە سەربازییەکی تێکساس کرد و لە ئەنجامدا 13 کەس گیانیان لەدەستدا و 32ـی دیکەش بریندار بوون. لە کاتی ڕووداوەکە پۆلیسی ناوچەکە ڕووبەڕووی بوونەوە و بریندارییان کرد، لە ئەنجامدا نیدال حەسەن لە کەمەرییەوە بۆ خوارەوەی ئیفلیج بوو.
لە ساڵی 2013 دەرکەوت نیدال حەسەن مێشکی لەلایەن کەسایەتییە توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە شووراوەتەوە و ویستوویەتی پارێزگاری لە سەکردەکانی تاڵیبان لە دەرەوەی وڵات بکات. لە دادگا بەپێی یاسای دادوەریی سەربازیی یەکگرتوو تۆمەتبار کرا و دواتر بە 13 تۆمەتی کوشتنی بەمەبەست، 32 تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی بەمەبەست سزا درا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
بە گوللە بارانکردن لە سێدارە دەدرێت
سزای لەسێدارەدان لە ڕێگەی گوللە بارانکردنەوە لە پێنج ویلایەتی ئەمریکادا ڕێگەپێدراوە، ئەوانیش بریتین لە: ئایداهۆ، میسیسیپی، ئۆکلاهۆما، کارۆلینای باشوور و یوتا. دواین جار کە کەسێک لە ئەمریکا بەمشێوەیە لە سێدارە درابێت لە ساڵی 1961 بوو، کاتێک سەربازێکی ئەمریکی لە نەمسا بەتۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی منداڵێکی 11 ساڵان سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
ماوەیەکە بابەتی لە سێدارەدان بووەتە سەردێڕی هەواڵی میدیا ئەمریکییەکان، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ژنێکی 50 ساڵان بەناوی 'کریستە پایک' لە ویلایەتی تێنێسی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێکرا، کە دەبوویە یەکەم ژن دوای 200 ساڵ لەم ویلایەتە ئەم سزایەی بەسەردا جێبەجێبکرێت، بەڵام دوای پێدانی بڕێک مادەی پێنتۆباربیتال (Pentobarbital)، کە کاریگەرییەکی ئارامکەر و خەوێنەری هەیە، ناوبراو بۆ ماوەی 40 خولەک لە هەناسەدان بەردەوام بوو، هۆشیاری لەدەست نەدا و لەژیاندا مایەوە، دواتریش ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
ئەمریکا تیرۆرستێک بە گوللە بارانکردن لەسێدارە دەدات
کورتە
سزای لە سێدارەدان لە ڕێگەی گوللە بارانکردنەوە لە ئەمریکا بەسەر کەسێکی تیرۆرست جێبەجێ دەکرێت.