سەرکۆنەی دروستکردنی 11 باڵەخانەی 30 نهۆمی لە بەشی باکووری چاڤی لاند دەکرێت و نیگهرانی فراوان لهسهر چالاكییه بازرگانییهكانی شاسوار عهبدولواحید دروست دهبێت.
ئەمڕۆ دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی ڕێگە دراوە بەشی باکووری پڕۆژەی چاڤی لاند بکرێتە 11 باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە بەرزیی 30 نهۆم لەگەڵ دەیان دووکانی بازرگانی لە بەشی پێشەوەی پڕۆژەکەدا.
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی ڕایگەیاند، خاوەندارێتی پڕۆژەکە بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەگەڕێتەوە و ئەم کارە زیانی گەورە بە کەشوهەوا و دیمەنی چیای گۆیژە دەگەیەنێت.
دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە، كه پڕۆژەی دروستکردنی 11 باڵەخانەی 30 نهۆمی لە بەشی باکووری چاڤی لاند لە بناری چیای گۆیژە، پێچەوانەی یاسا و بەڵێنەکانی پێشووی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێیە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەر دروستکردنێکی یەکەی نیشتەجێبوون لە ڕۆژهەڵاتی بناری گۆیژەوە تا تونێلی پێشڕەو و دۆڵەڕووت، سەرپێچییەکی ئاشکرایە لەسەر ماستەرپلانی سلێمانی، چونکە بەپێی یاسا ئەو ناوچانە زەویی پارێزراون.
دەستەکە بهبیری شاسوار عەبدولواحیدی هێنایەوە، کە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 سەرکردایەتی نەوەی نوێ بەڵێنی دابوو نەک ڕێگە لە دەستدرێژی بۆ سەر گۆیژە بگرن، بەڵکو کۆمپانیا سەرپێچیکارەکانیش ڕادەستی دادگا بکەن.
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی جەختی کردەوە کە لەسەر هەڵوێستی خۆیان بۆ پاراستنی ژینگە و موڵکی گشتی بەردەوام دەبن و لە ڕێگەی چالاکی جۆراوجۆرەوە ڕێگری لەم جۆرە پڕۆژانە دەکەن.