سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوای کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمان و دەستپێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ دەکات.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کردنەوەی حەوتەمین پێشانگای تەکنەلۆژیای هایتێکس لە هەولێر، ڕەخنەی توندی لە بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان گرت و ئەوەی بە ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی ناو برد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرجەم پەرلەمانتاران کرد، بگەڕێنەوە هۆڵی پەرلەمان و ڕەخنە و بۆچوونەکانیان لەوێ بخەنە ڕوو، تاوەکو بە زووترین کات ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەست پێ بکەن.
سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، مەسرور بارزانی ڕوونی کردەوە، ئەم بڕیارە پێشبینیکراو بووە بەهۆی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەرەکییان لە شەڕی داعش، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەوام دەبن، ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان و بۆشایی ئەمنی دروست نابێت.
هەر لە میانەی وتەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، هەولێر لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و هاوپەیمانان بۆ دەستخستنی سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی و دژە درۆن بە مەبەستی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، سەرۆکی حکومەت گەشبینیی خۆی بەرامبەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و ڕوونی کردەوە کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەرەو چارەسەری یەکجاری هەنگاو دەنێن، هەروەها دڵنیایی دا بە هاووڵاتییان لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا بۆ گەرەنتیکردنی تەواوی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆران بەگوێرەی دەستوور.
داواکارییەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێی سیاسی و ئابووری دەبێتەوە، هاوکات پرسی یەکلاکردنەوەی شایستە داراییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە وەک کارنامەی سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەمێننەوە.