ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی شۆفێرێکی بارهەڵگری ڕاگەیاند کە لە ڕێگەی هەولێر بۆ شەقلاوە خۆی بە هاووڵاتی (سەنعان عەبدولڕەحمان تەها)دا کێشاوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، ڕووداوەکە لە ڕێکەوتی 4ی 10ی 2026 لە نزیک گوندی بانەمان ڕووی داوە و بە تەواوی ڕووداوێکی هاتوچۆ بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش، دەستبەجێ لەلایەن تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پیرمام بەدواداچوونی چڕ دەستی پێکردووە.
ئاسایش ڕوونی کردەوە کە پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بارهەڵگر لە هاووڵاتی سەنعانی داوە و دواتر شۆفێرەکە تەرمەکەی لە شوێنی ڕووداوەکە بەجێ هێشتووە و هەڵاتووە.
هێزەکانی ئاسایش توانیویانە ناسنامەی شۆفێرە هەڵاتووەکە ئاشکرا بکەن و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارەکە بە ناوی (گ، س، ص) دەستگیر بکەن.
دەزگای ئاسایش جەختی کردەوە کە ڕووداوەکە هاتوچۆ بووە و هاوکات لێکۆڵینەوەی یاسایی لە سەرجەم وردەکارییەکانی دۆسیەکە بەردەوامە.
پێشتر سهرچاوهیهک له پۆلیسی هەولێر بۆ پایتهخت قسهی كرد و دەستگیرکردنی تۆمهتبارهكهی ڕاگەیاند، ههروهها سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە کوشتنی ئەنقەست بە شیش و ساتوور دەکەن.
سەنعان هەنارەیی وەک هەڵسوڕاوێکی نزیک لە لاهور تاڵەبانی ناسرابوو، لە کاتێکدا بەرەی گەل لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە ڕفاندن و کوشتنی کردبوو، بەڵام دامەزراوە ئەمنییەکان تەواوی ئەو دەنگۆیانەیان ڕەت کردەوە.